ئەم شەو، دوای خوێندنەوەی بابەتێکی کارڵ
مارکس دەربارەی کۆمیونیزم و دروستبوونی چینە کۆمەڵایەتیەکان و مەترسیەکانی سەرمایەداری، بێتاقەتی دایگرتم و
لەگەڵ کۆمپیتەرەکەم و بۆ خواردنەوەی چایەک لەگەڵ هاوڕێی خۆشەویستم کاکە عەفان
کوردستانی لە مەتبەخی بەشی ناوخۆیەکەمان بۆ چەند ساتێک گوێمان لە
گۆرانیەکی هایدە
گرت.
بەدیار ئامادەبوونی چایەکەو گوێگرتن لە
گۆرانیەکەی هایدە، لەپەنجەرەی مەتبەخەکەوە سەیرێکی دەرەوەم کرد. بەڕاستی هەستێکی
سەیرم بۆ دروستبوو لەگەڵ هەوایەکی فێنک کە لە خەیاڵمدا دونیایەکی زۆر جیاواز هاتە
پێش چاو
تێکستی گۆرانیەکە هۆکاری دروستبوونی ئەو
هەستەبوو. دەنگی هایدەو ئاوازی گۆرانیەکە مرۆڤ بەرەوە دونیاکی جیاواز دەفڕێنێت.
لەبەشێکی گۆرانیەکەدا هایدە دەڵێت، "وەرە ئاوازی من بە، دەنگی سازی من بە،
بزانە کە من عاشقتریم، تۆش عاشقی من بە.... وەرە با ببین بە یەک، ئاوزی دڵی من بە،
بۆ هەناسەدانم، هەوای تازەم بە".
ئەم دێرانەی گۆرانیەکە هی سەردەمێکی جیاوازن.
ئەمانە وتەی ناخی عاشق و مەعشوقەکانی سەردەمێکن کە سەیارەی مۆدیل بەرزو جلوبەرگ و
کۆشکی بەرز ئامڕازی بەدەستهێنانی دڵی یار نەبوون، بەڵکو ڕاستگۆیی و متمانەو
دڵنەوازی یەکتری هۆکاری دروستبوونی پەیوەندی عاشقانەبوون لەنێوان دوو کەس.
جگەلەوە، لە ئێستادا زۆربەی گۆرانی بێژەکانیش
کلیپەکانیان ڕازاندۆتەوە بە ئامرازی جیاوازی خۆشەویستی وەکو پیشاندانی ئۆتۆمبێلی
گرانبەهاو تەلاری بەرزو ئامرازی ڕازندنەوەی جۆراوجۆر. لەهەمان کاتدا، تێکستی
گۆرانیەکانیش لەگەڵ ئەو جۆرە ئامڕازانە گونجێوران و کراونەتە پاڵ یەک.

No comments:
Post a Comment